خەزعەلی داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی شەنگال دەكات | 26/03/2021
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق، ڕێککەوتنەکەی دژی شەنگال بە بابەتێکی سیاسی دەزانێت و داوا لە حکومەت دەکات کە ئەو ڕێککەوتنە ھەڵوەشێنێتەوە.
(قەیس خەزعەلی) ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی ھەق، لەسەر ڕێککەوتنەکەی بەغدا – ھەولێر لەدژی شەنگال، تویتێکی بڵاوکردەوە.
خەزعەلی نووسیویەتی: ڕێککەوتنەکەی شەنگال، بەداخەوە ڕێککەوتنێکی سیاسییە بۆ حیساباتی ھەڵبژاردن لەسەر بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی ئێزدی، بەردەوامبوونی ئەو ڕێککەوتنەش واتای گەڕاندنەوەی شەنگالە بۆ ژێردەستی ئەوانەی زوڵم و دەستدرێژیان کردە سەر خەڵکەکەی، دوای ئەوەی رۆڵەکانمان لە ھێزە ئەمنییەکان و لە سەروویانەوە حەشدی شەعبی خوێنێکی زۆریان ڕشت لەپێناو ئازادکردنی و گەڕاندنەوەی بۆ باوەشی نیشتمان.
لە بەردەوامی تویتەکەدا ھاتووە: پێویستە ئەو رێککەوتنە کە بە رێککەوتنی خیانەت ناوی دەرکردووە، ڕابگیرێت و ڕێگەچارەی دروستی بۆ بگیرێتەبەر، کە بریتییە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی شەنگال و پاڵپشتیکردنیان و پێدانی دەرفەت بە پارێزگاریکردن لە شارەکەیان، بەتایبەتیش (حەشدی شەعبی لە ڕۆڵەکانی ئێزدی)؛ ھەروەھا پێویستە حکومەت کاربکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆئەوەی خەڵکەکە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لەو گرێبەستە سیاسییانە دەربازیان بێت کە دەیانەوێت خەڵکەکە لە شارەکەیان دووربکەونەوەو نەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەریان و دەنگەکانیان زەوت بکەن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو.
خەزعەلی لە کۆتایی تویتەکەیدا نووسیویەتی: ئەرکی حکومەتە ڕێگەچارەیەکی دروست بدۆزێتەوە بەر لەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، بەپێچەوانەوە دروستبوونی ھەر پێکدادانێکی سەربازی لە بەرژەوەندی خەڵکی شەنگال و حکومەتی عێراقی نابێت.
905 جار خوێندراوهتهوه
|