بيشه نك شوانى
ھاوسەری یەکێک لە شەھیدە دیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، داوای لەو حزبە کردووە، یادی شەھیدەکەیان نەکاتەوە.
لە ٢٤ی ١ی ١٩٨٥، مامە ڕیشە، یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەوسای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەھید کرا.
لەمبارەیەوە نیشتمان حەسەن، ھاوسەری مامە ڕیشە، ڕایگەیاند: "ھەموو ساڵێک لە ٢٤ی ١، یادی شەھیدبوونی مامە ڕیشە لەلایەن ئێمە و یەکێتی کراوەتەوە و خەڵکێکی زۆر سەردانی مەزارگەی مامە ڕیشەی کردووە، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە کە ئەمساڵ ئەو یادە نەکرێتەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەبەر چەند ھۆکارێک، وەک بنەماڵەی مامە ڕیشە ئەو بڕیارەیان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ”ھەندێک خەڵک لە خۆشەویستییان بۆ مامە ڕیشە، ئەمڕۆ سەردانی گڵکۆکەی دەکەن، بەڵام ئێمە بەشداریی ھیچ یاد کردنەوەیەکی شەھیدبوونی مامە ڕیشە ناکەین".
ھاوسەری مامە ڕیشە ئاشکرای کرد، ئەوان داوایان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، یادی مامە ڕیشە نەکەنەوە، ”ئەوانیش داواکەی ئێمەیان قەبووڵ بووە و یادەکە ناکەنەوە".
پێشتر محەمەد شکور، برای مامە ڕیشە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەھۆی ئەوەی ”ھەندێک بەرپرسی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی خەریکی دژایەتیکرنی مامە ڕیشەن“، ئەمساڵ ئەوان یادەکەی ناکەنەوە.
محەمەد شکور بەناوی بنەماڵەی مامە ڕیشەوە داوا لە یەکێتی کردبوو، ”بەھیچ شێوەیەک ئەو یادە نەکەنەوە“، چونکە بنەماڵەی مامە ڕیشە بڕیاریان داوە بەشداریی ھیچ یاد و بۆنەیەک لەبارەی مامەڕیشە، نەکەن.
ئەو برایەی مامەڕیشە باسیشی لەوە کردبوو کە بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتی، ”کاتی خۆی مەفرەزەیان لە دژی مامەڕیشە دروست دەکرد و خەریکی پیلانگێڕی بوون لە دژی و لە دواوە تەقەیان لێکرد“، ئێستاش ”چونکە ناگەن بە تۆزی سەر گۆڕەکەی“، لەناو گۆڕەکەشی ”زەندەقیان لێ چووە“ و یادی قارەمانێتییەکەی ناکەنەوە.